وریای فتنە شاراوەکانت بە!

مامۆستا ئەحمەدی عالم و زانای هەڵکەوتووی بەسڕە ئەڵێ خۆم و ژنەکەم و مناڵەکەم بووین، سوێند بەخوا لەتەنانێک لە ماڵمانا نەبوو، چوم خانوەکەم بفرۆشم، لەڕێگا باوکی سەرکەوتم بینی، وتی هاخێرە ئوستاز! وتم: حاڵو مەسەلەم ئاوایە، وتی ئەو دونانە ببەرەوە بۆ مناڵەکانت تا ئەوەش ئەخۆن خوا کەریمە (خواوەکیل قۆڵبڕەکەی هین بوایە بەفرسەتی ئەزانی و لە خوار نیوەقیمەتەوە خانوەکەی لێی ئەکڕی)، ئەڵێ منیش گەڕامەوە و لە ڕێگا لوتم تەقی بە لوتی بێوەژنێکەوە، مناڵێکی برسی بەدەستەوە بوو. مناڵە لەبرسا دەنگی ئەگەیشتە کەشکەشانی ئاسمان و مناڵە چاوی بڕیە دوو کولێرەکەی دەستم کە هەرگیز ئەو نیگاکردنەم لەبیر ناچێتەوە. ژنەکە هاتە دەنگ و وتی خاڵۆگیان ئەم مناڵە بێباوکە و برسیەتی و ئارامی لێ هەڵگیراوە، توخوا ئەو نانانەمان بدەرێ، مناڵەش چاوی کزۆڵی لە کولێرەکان لانەدەدا و هەردووکیانم دایە و وتم هابگرە سوێند بە خوا لەماڵی منیشدا لەتەنانێک شک نابەم. ئەڵێ ژنە فرمێسکێکی خۆشی لە ڕومەتیا جۆگەلەی بەست و ڕوخساری مناڵەکەش گەشایەوە، منیش بە دڵتەنگییەکەوە ڕۆیشتم لە پەنای دیوارە کۆنەیەکدا خۆمدا بەزەوی و بیرم لە فرۆشتنی خانوەکە دەکردەوە، کاتێکم زانی باوکی سەرکەوت پەیدا بویەوە بە هاوار و دڵخۆشی و چەقەنە لێدانەوە هات، وتم چیە غەزەب؟ وتی ئەوە چی ئەکەی لێرە لەماڵی ئێوە کەیف و سەمایە و بەرەکەت ڕژاوە بەسەرتانا، وتم سبحان اللە، دەی چۆن و لەکوێوە ئەم بەرەکەتە ڕوی لەماڵی من کرد؟ وتی واللە کابرایەک لە خوراسانەوە بە چەندەها باری زێڕ و خۆراکەوە هەواڵی ماڵی ئێوەی پرسیوە و ئێستە لەوێ بارەکانی خستووە، ئەڵێ گوایە سی ساڵ پێش ئێستە باوکت پارەی لەلا داناوە و ئێستە قازانجەکەی هێناوەتەوە، ئیتر منیش گەڕام بەدوای ژن و مناڵە هەژارەکەدا و هەموو پێداویستییەکانیم بۆ جێبەجێ کردن و دەستم دایە تجارەت و بومە بزنسمانێکی گەورە و بەلێشاو خێر و سەدەقە و مزگەوت و قوتابخانە و پردم پێ دروست دەکرد، بەجۆرێ سەرسامی خۆم بووبووم وام دەزانی هەرچی مەلەف و ئیزبارە لەلای فریشتەکانە هەموویم پڕکردووە لە حه‌سه‌نات و ئومێدم هەبوو خوا لەڕیزی ساڵحانا ئەژماری کردبم.

بۆ شەوێ نەخەوتم قیامەت هاتەخەوم، خەڵک شەپۆلی ئەدا و جسمی هەندێک واگەورە بوو بوو عەقڵ تەقەببولی نەدەکرد و هەندێکیان زەلامی گەورەگەورەیان بەشان هەڵگرتبون، فاسقی وام دەبینی شارێک بەسەر پشتیەوە بوو کە ڕسوابوونی پێوە دیاربوو، ترازووی حسابات دانرا و منیان بانگ کرد و گوناهیان لە ترازوویەک و چاکەکانیش لە ترازویەکی تر، کەیسی تاوان لەشوێنی خۆی و چاکەکانیشیان لە ترازوی خۆی دانا، خراپەکان قورس بوون، هەرچی چاکەیان دادەنا ئارەزوواتێک لەژێریابوو ڕیسەکەی دەکردەوە بەخوری، زۆر ترسام هیچ چاکەیەکم نەما و خراپەکانیش خۆیان لەزەوی توند کردبوو، ژێر چاکەکانم پڕبوون لە ڕیا و غروور و  ڕوپامایی و لەبەر نەفس و ئەوپۆخڵە واتانە، پەنام نەما چاکەم نەما و زۆر دڵتەنگ بووم، کافر بەزەیی پیاما ئەهاتەوە، بانگکەرێک بانگی کرد ئەرێ ئەم ئەحمەدە هیچی ماوە؟ وتیان بەڵێ شتێکی ماوە، منیش واقم وڕمابوو هیچ چاکەیەک نەمابوو نەیهێنن، تەماشام کرد دوو کولێرەکەبوون هێنایانن. لەدڵی خۆما وتم من سەدان هەزار دینار و دۆلار و مشروعم دروست کرد، فریام نەکەوتن، ئێستە کولێرە ڕەقە چیم بۆ دەکا؟ واللە کولێرەکان تۆزێ ترازووەکەیان جوڵان و لەو ئاسمانەوە هاتە خوارەوە، هەر ئەوەنەم زانی فرمێسکە ئاڵتوونیەکەی دایکی مناڵە هەتیوەکە گیفاندی بەلاما و خۆی خستە ناو ترازووی چاکەکانمەوە و تەقەی بنی ترازووی چاکەکەنم دای بە زەویدا و خراپەکانم هەڵفڕین و هەڵکشان، هاوارێک هات و وتیان ئەحمەد ڕزگاری بوو و سەرکەوتنی بەدەست هێنا. ئاهێک بە بەرما هاتەوە و سوپاسێکی خوام کرد و تێگەیشتم بەهەشت بە هەڵوێستی مەردانە و لەتە خورمایەک و بزەیەکی ڕاستگۆیانە بەدەست دێت نەک بە ڕیابازی و مشروعی زلەزلەی بێ ئیخلاس.

ئێستە زانیتان دەنکە گەنمێکی نهێنی دەم ماسییەک لە ترێلییەکی پڕ کەبابی غروورانە باشترە.

ساخوایە لە ڕیا و غروور بمان پارێزە و ئیخلاس بکەرە هەوێنی کردەوەکانمان.

اللهم امیــــن.